الأربعاء، 16 يناير، 2013


وتار

کێشەی خزمەتگوزاری لە خانەقین کۆتایی نایەت؟
نوسینی/دڵشاد عبدالله حسین
ماوەیەک پێش ئێستا لە رێگەی پرۆژەیەکی رێکخراوەکەمان رێکخراوی کارکردن لە پێناوی ئاشتی ژمارەیەک گوندی خانەقینم بەسەرکردەوە،و لە نزیکەوە لەگەڵ هاوڵاتیانی دانیشتووی ئەو گوندانە قسەم کرد ،کە هەرکەسێک و هەر گوندێک کارەساتێکی گەورەی هەبوو لەگەڵ خزمەت گوزاری وەکو ناوشاری خانەقین ،لەوانە بە وردی باس لە نەهامەتییەکانی گوندەکەیانی کرد بۆمان،ئەو گوندانەی کە تا دوێنی خەڵکە تێکۆشەرەکەی بە هۆی کوردایەتیەوە ناچاربوون ماڵ و حاڵیان بەجێ بهێڵن و روویان کردە ناوچەکانی تری عیراق و بەعسی لەناوچوو ناوچەکانیانی بە عەرەب کرد،و ئێستا و لەدوای ساڵی 2003 وە کە گەراونەتەوە شوێنەکانیان بە دەست نەبوونی خزمەت گوزارییەوە دەناڵێنن،خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان کە هەژارترین وڵاتانی جیهان بۆ هاوڵاتیانیان دابینی دەکەن،چونکە لە سەدەی بیست و یەک بەبێ بوونی ئەو خزمەتگوزاریانە ژیان ئەستەمە،رەنگە هەر کەسێک تا ئەو دیمەنانەی من بینیم لەو گوندانە نەبینێت باور ناکات بەچ شێوازێک ئەو هاوڵاتیانە دەژین،بەڕاستی زۆربەیان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی کە گوندەکانیان بە جێ بهێڵن،چونکە بەداخەوە تائێستا گوند لە سنووری خانەقین هەیە کە ئاو و کارەبای نییە،هاوڵاتیەک پێ ی راگەیاندم کە بەرپرسانی ئەم وڵاتە تەنها لە کاتی دەنگداندا سەردانی ئەو گوندانە دەکەن و کۆمەڵێک بەڵێنی درۆیان دەدەنێ و لە دوای تەواو بوونی دەنگدان ئیتر ئەو برادەرەی کە پێویستی بە دەنگەکانی ئەم میلەتە بوو ئامانجی خۆی دەپێکێت و ئیتر بەرەوانگەی خۆیەوە پێویستی نامێنێت بە خەڵک،ئەگینا ئەگەر کەمێک رێزی ملەتیان بگرتایە ئێستا هیچ شوێنێکی ئەم شارە بێ بەش نەدەبوون لە خزمەتگوزاری ،بەڕاستی ئەنجامدانی خزمەتگوزاری نەک تەنها لە گوندەکان وایە  بەلکو لە ناوەندی شاری خانەقین بە هەمان شێوە خزمەتگوزاری نییە،خزمەتگوزاریەک وەکو ئاو و جادەو وباخچە و کارەبا ئەمانە مافی خەڵکن و پێویست ناکات حکومەت بە منەت بە هاوڵاتیانی بدات،رەنگە بەرپرسان بڵێن ئێمە ئەوە لە ئەستۆماندا بوو هەوڵمان داوە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی خانەقین لەرووی خزمەتگوزارییەوە،و خانەقین بەراورد ئەکەن بە ناوچەکانی تری عیراق کە ئەمە خۆی لە خۆیدا گەورەترین هەڵەیە ،چونکە خانەقین پێویستە بەراورد بکرێت بە هەرێمی کوردستان چونکە یەکێکە لە ناوچە کوردستانییە کێشەلەسەرەکان و پێویستە حکومەتی هەرێم خزمەت کردنی خانەقین و دانیشتوانەکەی بگرێتە ئەستۆ،و بەردەوام ئاگاداری داواکارییەکانیان بێت،نەک لەکاتی هەڵبژاردن لایەنە سیاسییەکان سەردانی دانیشتوان شار وگوندەکان دەکەن بۆ دەنگ کۆکردنەوە،ئەو خەڵکە هەست و سۆزیان هەیە و خەڵکی ئەم وڵاتەن پێویستە رێزیان لێبگیرێت نەک بەو شێوەیە پشتگوێ بخرێن،پێویستە حزبەکان بەردەوام بە بەرپرسەکانیان بچنەوە کە لە پۆستەکاندا دایان ئەنێن و ئەگەر پێویست بکات بیانگۆڕن بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بێزار نەبن و پەشیمان نەبن لەو رۆژەی دەنگیان بەو کەسانە داوە،پێویستە رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بە رۆڵی چاودێری خۆیان هەستن و کارەکانی حکومەت چاودێری بکەن،هۆکاری دواکەوتنی پرۆژەکانی بۆ هاوڵاتیان روون بکەنەوە.پێویستە ئەوەش بزانین کە هەر دەسەڵاتێک خەڵک لێ رازی نەبێت ناتوانێت سەرکەوتوو بێت،لەکۆتاییدا خاڵێکی زۆر گرنگ خۆی دەهێنێتە پێشەوە و بریتی لەوە رۆشنبیران و رۆژنامەنوسان گەورەترین ئۆپاڵیان دەکەوێتە ئەستۆ لەم رۆژگارەدا و لەم شارە چونکە تا ئێستا نەیان توانیوە پەنجە بخەنە سەر هەڵەکان و هەوڵی ئاشکراکردنی گەندەڵییەکان بدەن،چونکە ئەوە خەڵکی رۆشنبیر دەیبینێت هاوڵاتی ئاسایی ناتوانێت بیبینێت،پێویستە ئەمانە هەموو ئەو دەموچاوانە ئاشکرا بکەن کە بە ماسکی خزمەتکردن بە هاوڵاتیان بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان بەدی ئەهێنن.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق